بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی پووشپەڕ (٥ی جولای) لە ئەنجامی دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکاندا لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوودی پارێزگای کرماشان کۆڵبەرێک بە ناوی ئیرەج مەهدەوی بریندار بووە.

ئەم کۆڵبەرەی خەڵکی گوندی «کڵاش لوولەم»ی جوانڕۆ بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری پاوە کراوە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا (مەی و ژوەن) کۆڵبەرێک بە ناوی ئاکۆ ڕەسوولی بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی بانەدا کوژراوە. هەروەها لانیکەم ١١ کۆڵبەر کەوتوونەتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و بریندار بوون و ٢ کۆڵبەری تریش لە لایەن ئەم هێزانەوە ئەشکەنجە کراون. کۆڵبەرێکیش بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەوە لە کاتی کۆڵبەریدا بریندار بووە.