دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی بەهرام شامحەممەدی و هێمن موروەتی بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و نەوسوود بریندار بوون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی ٢٤ی پووشپەڕ (١٥ی جولای) کۆڵبەرێکی لاو بە ناوی هێمن موروەتی لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوودی پارێزگای کرماشان بە چەکی ساچمەزەنی هێزە سنوورپارێزەکان کراوەتە ئامانج و بریندار بووە.
ئەم کۆڵبەرە ١٨ ساڵەیەی خەڵکی جوانڕۆ بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی نەخۆشخانەی قودسی شاری پاوە کراوە.
هەروەها ڕۆژی سێشەممە ٢١ی پووشپەڕ (١٢ی جولای) کۆڵبەرێک بە ناوی بەهرام شامحەممەدی لە ناوچەی سنووریی «کێلە»ی بانە بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکان بریندار بووە. ئەم کۆڵبەرە ٤٠ ساڵەیە باوکی دوو منداڵ و خەڵکی گوندی «دوورەقەڵا»ی بانەیە.