تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی ڕابردوو ٤ی گەلاوێژ (٢٦ی جولای) هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوودی پارێزگای کرماشان بە چەکی ساچمەزەن و لە مەودای نزیکەوە تەقەیان لە گرووپێک کۆڵبەر کردووە کە لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی جەلیل کەریمی بریندار بووە.

ئەم کۆڵبەرە کە زیاتر لە ٢٠ ساچمە بەر لای خوارووی قاچی کەوتووە، بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی نەخۆشخانەی قودسی پاوە کراوە.

ناوبراو خەڵکی گوندی «شەرکان»ی پاوە و باوکی ٣ منداڵە.

پێشتر و لە ڕێکەوتی ١ی گەلاوێژدا (٢٣ی جولای) کۆڵبەرێکی تر بە ناوی بەهرام محەممەدی، ٢٥ ساڵان و خەڵکی گوندی «بیاندەرە»ی بانە، بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە بە قورسی بریندار ببوو.

https://youtu.be/RM7T8tTLRFc