لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا دوو کۆڵبەری کورد لە ناوچە سنوورییەکانی بانەی پارێزگای کوردستان و نەوسوودی پارێزگای کرماشان بە تەقینەوەی مین و تەقەی هێزە سنوورپارێزەکان بریندار بوون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ٩ی گەلاوێژ (٣١ی جولای) کۆڵبەرێک بە ناوی عەتا حەسەنزادە لە کاتی کۆڵبەریدا لە ناوچە سنوورییەکانی «هەنگەژاڵ»ی بانە بە هۆی تەقەی هێزە سنوورپارێزەکان و ناشارەزابوون لە جوگرافیای ناوچەکە، بە دەم هەڵاتنەوە مینی پێدا تەقیوەتەوە و بە قورسی بریندار بووە. ئەم کۆڵبەرە ٣٥ ساڵەیەی خەڵکی گوندی «تەمۆغە»ی سەقز بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکیی شاری تەبرێز کراوە و دەوترێت دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە.

هەروەها ڕۆژی ڕابردوو دەستەیەک کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود کەوتوونەتە بەر تەقەی چەکی ساچمەزەنی هێزە سنوورپارێزەکان کە لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی محەممەد قادری، خەڵکی سەلاسی باوەجانی، بریندار بووە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی پووشپەڕدا (ژوەن و جولای) لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی کوردستان و کرماشان ١٧ کۆڵبەر بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران یان بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەوە لەبەر ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکان، بریندار بوون.

عەتا حەسەنزادە لە ناوەندێکی پزیشکیی شاری تەبرێز
محەممەد قادری