بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی گەلاوێژ (٨ی ئاگۆست) هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچەی سنووریی «کێلە»ی شاری بانەی پارێزگای کوردستان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و لە مەودایەکی نزیکەوە دەسڕێژیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردووە کە لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی کەیوان عەلیپوور بریندار بووە.

ئەم کۆڵبەرە ٣٨ ساڵەیەی خەڵکی سەقز بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبیی بانە کراوە و دەوترێت لە دۆخێکی ناجێگیردایە.

لیوا ئەحمەدعەلی گوودەرزی، فەرماندەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران، حەفتەی ڕابردوو لە بەسەرکردنەوەی سەربازگە سنوورییەکانی بانەدا ڕایگەیاندبوو: «سنوورەکانی بانە لە حەفتاشەوە تا بروشکانی لە ٢ ماانگی داهاتوودا دادەخرێن و دەستوورمان داوە هیچ کەسێک بەبێ دەستوورەکانی سنوورپارێزان لە سنوورەوە هاتوچۆ نەکات و ئەگەر کەسێک یاسا پێشێل بکات بە توندی ڕووبەڕووی دەبینەوە».

دوابەدوای ئەم دەستوورە، تەقەکردنی ڕۆژانەی هێزە سنوورپارێزەکان لە کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانە زیادی کردووە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی گەلاوێژیش (٧ی ئاگۆست) هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچەی سنووریی «سەرداو»ی شاری بانە دەسڕێژیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کرد کە لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی هەژار فەرەجی کوژرا.