بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ١٩ی گەلاوێژ (١١ی ئاگۆست) لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی شاری بانەی پارێزگای کوردستان کۆڵبەرێک بە ناوی عەبدوڵڵا حەجەری کەوتۆتە بەر تەقەی چەکی ساچمەزەنی هێزە سنوورپارێزەکان و بریندار بووە.

گوللە ساچمەییەکانی هێزە سنوورپارێزەکان بەر دەموچاوی ئەم کۆڵبەرە ٢٥ ساڵەیەی خەڵکی گوندی «هەنگەژاڵ» کەوتووە.

لە یەک حەفتەی ڕابردوودا و دوابەدوای سەردانی فەرماندەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بۆ ناوچە سنوورییەکانی شاری بانە و هەڕەشەکردنی لە کۆڵبەران، تەقەکردن لە کۆڵبەران زیادی کردووە.

تەنها لە ماوەی یەک حەفتەی ڕابردوو و لە ئەنجامی تەقە و دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکاندا لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانە، کۆڵبەرێک بە ناوی هەژار فەرەجی کوژراوە و ٢ کەسی تریش بریندار بوون. هەروەها کۆڵبەرێک بە ناوی عەتا حەسەنزادە لە کاتی کۆڵبەریدا لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە بە هۆی تەقەکردنی ئەو هێزانە و ناشارەزابوون بە جوگرافیای ناوچەکە، لە کاتی هەڵاتندا مینی پێدا تەقیوەتەوە و بە قورسی بریندار بووە.