تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی ڕابردوو ٢٤ی گەلاوێژ (١٥ی ئاگۆست) هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی شاری بانەی پارێزگای کوردستان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و لە مەودایەکی نزیکەوە بە چەکی ساچمەزەن تەقەیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردووە کە لە ئەنجامدا لانیکەم ٤ کۆڵبەر بریندار بوون.

ناسنامەی ئەم کۆڵبەرانە سامان محەممەدزادە ٢٩ ساڵان و خەڵکی بانە، ئەرسەلان ڕەحمانی خەڵکی سەقز، عەلی ئابکار و یووسف قەیتاسی خەڵکی بۆکان ڕاگەیەنراوە.

پێشتریش لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی گەلاوێژدا (١٤ی ئاگۆست) دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی شێرزاد میسری خەڵکی سەلاسی باوەجانی و شێرزاد (پاشناو نادیار) خەڵکی مەریوان لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوودی پارێزگای کرماشان بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکان بریندار بوون.

لە سەرەتای مانگی گەلاوێژەوە (٢٣ی جولای) تا ئێستا لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانە لە ئەنجامی تەقەکردنی هێزە سنوورپارێزەکاندا ٣ کۆڵبەر کوژراوە و ١٢ کۆڵبەری تریش بریندار بوون.

فەرماندەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە حەفتەکانی ڕابردوو و لە بەسەرکردنەوەی سەربازگە سنوورییەکانی بانەدا ڕایگەیاندبوو: «سنوورەکانی بانە لە حەفتاشەوە تا بروشکانی لە ٢ ماانگی داهاتوودا دادەخرێن و دەستوورمان داوە هیچ کەسێک بەبێ دەستوورەکانی سنوورپارێزان لە سنوورەوە هاتوچۆ نەکات و ئەگەر کەسێک یاسا پێشێل بکات بە توندی ڕووبەڕووی دەبینەوە».