بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو ٢٨ی گەلاوێژ (١٩ی ئاگۆست) دەستەیەک کۆڵبەر لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی شاری بانەی پارێزگای کوردستان کەوتوونەتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی ڕەحیم محەممەدی کوژراوە.
دەوترێت هێزە سنوورپارێزەکان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و لە مەودای نزیکەوە تەقەیان لەم کۆڵبەرە کردووە و گوللەیەک بەر دڵی کەوتووە و دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.
ڕەحیم محەممەدی ٣٧ ساڵان، باوکی ٢ منداڵ، خەڵکی گوندی «هۆرازە» و دانیشتووی گوندی «کۆپیچی خواروو»ی شاری بانە بوو.
لە سەرەتای مانگی گەلاوێژەوە (٢٣ی جولای) تا ئێستا لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانە لە ئەنجامی تەقەکردنی هێزە سنوورپارێزەکاندا لانیکەم ٤ کۆڵبەر کوژراون و ١٢ کۆڵبەری تریش بریندار بوون. هەروەها ٣ کۆڵبەری تریش لە کاتی کۆڵبەری لەم ناوچە سنوورییانەدا بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بە قورسی بریندار بوون.
فەرماندەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە حەفتەکانی ڕابردوو و لە بەسەرکردنەوەی سەربازگە سنوورییەکانی بانەدا ڕایگەیاندبوو: «سنوورەکانی بانە لە حەفتاشەوە تا بروشکانی لە ٢ ماانگی داهاتوودا دادەخرێن و دەستوورمان داوە هیچ کەسێک بەبێ دەستوورەکانی سنوورپارێزان لە سنوورەوە هاتوچۆ نەکات و ئەگەر کەسێک یاسا پێشێل بکات بە توندی ڕووبەڕووی دەبینەوە».