بە پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه‌وتۆته‌ ده‌ست تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی کوردستان، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ٢٥ی خه‌رمانان، گرووپێک لە کۆلبەرەکان لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای کرماشان لە دوورەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت تەقەیان لێکرا و لە ئاکامدا یەکێک لە کۆلبەرەکان بە ناوی ئیسماعیل عەبدی کوژرا و دوو کۆلبەری دیکەش به‌  ناوی موختار فەتاحی و حەمید ئەحمەدی بریندار بوون.

تەرمی ئیسماعیل عەبدی بۆ پزیشكی یاسایی پاوە گوازراوەتەوە و تا ئێستا رادەستی بنەماڵەكە نەكراوەتەوە.ناوبراو تەمەنی 32 ساڵ بووە و خەڵکی گوندی “بازیان”ی سەر بە جوانڕۆ بوو..دوو کەسی دیکەی کۆلبەر کە لەم تەقەکردنەدا بریندار بوون،به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ر كردن بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی پاوە و کرماشان گوێزراونه‌ته‌وه‌.