کوژرانی کۆڵبەرێک و برینداربوونی شەش کۆڵبەری دیکە بە ڕووداوی هاتوچۆ و دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان
سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/kulbar/2023/02/20/p13574
شەوی یەکشەممە ٣٠ی ڕێبەندان (١٩ی فێبرییە) ئۆتۆمبێلێکی کۆڵبەران لە ڕێگای سنووردا لە ملەی «شوانکارە»ی ڕوانسەر تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بووە کە لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی سامان یەعقووبی گیانی لەدەست داوە و چوار کۆڵبەری تریش بریندار بوون. هاوکات لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود دوو کۆڵبەری خەڵکی مەریوان بە ناوەکانی شۆڕش و یادگار بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکان بریندار بوون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، شەوی ڕابردوو ٣٠ی ڕێبەندان (١٩ی فێبرییە) لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لە ملەی شوانکارە، سێ ئۆتۆمبێل پێکدا دەدەن کە لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی سامان یەعقووبی گیانی لەدەست دەدات و چوار کۆڵبەری دیکەیش بە قورسی بریندار دەبن.
تا ئێستە ناسنامەی دووان لە برینداران بە ناوەکانی کەسرا حسەینی و پژمان محەممەدی ئاشکرا کراوە.
هاوکات دەستەیەک کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوودی پارێزگای کرماشان کەوتوونەتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان کە لە ئەنجامدا دوو کۆڵبەری خەڵکی مەریوان بە ناوەکانی شۆڕش (پاشناو نادیار) و یادگار (پاشناو نادیار) بریندار بوون.
بابەتی پەیوەندیدار
-
برینداربوونی کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکان لە نەوسوود
-
کۆڵبەری لاو مەسعەب سەبزەواری بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە گیانی لە دەست دا
-
لە نەوسوود کۆڵبەرێک بە هۆی داکەوتن لە بەرزاییەوە گیانی لەدەست دا
-
برینداربوونی دوو کۆڵبەر بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان و داکەوتن لە بەرزاییەوە
-
برینداربوونی چوار کۆڵبەر، لەوانە منداڵێک، بە دەسرێژی هێزە سنوورپارێزەکانی نەوسوود
-
برینداربوونی کۆڵبەرێک بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان لە نەوسوود