کۆڵبەرێکی ١٩ ساڵانی خەڵکی سەلاسی باوەجانی بە ناوی مێرساد دەروێشی کە ڕۆژی ڕابردوو لەگەڵ ٥ کۆڵبەری تردا لە ڕووداوێکی هاتوچۆ لە ملەی «شوانکارە»ی ڕوانسەر بە قورسی بریندار ببوو، بە هۆی قورسبوونی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشان گیانی لەدەست دا.
هاوکات کۆڵبەرێکیش بە ناوی فەردین ڕوستەمنژاد بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچەی سنووریی نەوسوود بریندار بووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ڕۆژی ڕابردوو ٧ی ڕەشەمە (٢٦ی فێبرییە) ئۆتۆمبێلی هەڵگری ژمارەیەک لە کۆڵبەران لە ملەی «شوانکارە»ی ڕوانسەر وەرگەڕاوە و لە ئەنجامی ئەم ڕووداوەدا ٦ کۆڵبەر بە ناوەکانی مێرساد دەروێشی، زەکەریا ئەحمەدی، ماکوان (پاشناو نەزانراوە)، سەلاح ڕەحمانی و زەکەریا محەممەدی بریندار بوون و بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی جوانڕۆ و تاڵەقانیی کرماشان کراون. نیوەڕۆی ئەمڕۆ مێرساد دەروێشی، کۆڵبەری ١٩ ساڵان، لە نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشان گیانی لەدەست دا.
هەروەها بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٨ی ڕەشەمە (٢٧ی فێبرییە) کۆڵبەرێکی ٢٥ ساڵانی خەڵکی گوندی «شمشێر»ی پاوە بە ناوی فەردین ڕوستەمنژاد لە ناوچەی سنووریی «کێلەبەرد»ی نەوسوود کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان و بریندار بوو. ئەم کۆڵبەرە کە لە سکەوە بریندار بووە، بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی نەخۆشخانەی قودسی پاوە کراوە.