بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی جۆزەردان (١١ی ژوەن) دەستەیەک لە کۆڵبەران لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە کەوتوونەتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی ڕەحیم فەیزی بریندار بووە.

ئەم کۆڵبەرە ٥٠ ساڵەیەی خەڵکی بۆکان کە هەردوو قاچەکەی بریندار بووە، بە مەبەستی دەرمانکردن ڕەوانەی ناوەندە پزیشکییەکانی بانە کراوە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە گوڵانی ئەمساڵدا (٢١ی ئاوریل تا ٢١ی مەی) لانیکەم ٦ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی شارەکانی پیرانشار، بانە، نەوسوود و سەلاسی باوەجانی بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان و داکەوتن لە بەرزاییەوە بریندار بوون.