شەوی ڕابردوو ١٥ی گەلاوێژ (٦ی ئاگۆست) دەستەیەک لە کۆڵبەران لە ناوچەی سنووریی شاری نەوسوودی پارێزگای کرماشان لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت کەوتنە بەر دەسڕێژی چەکی ساچمەزەنی هێزە سنوورپارێزەکان و لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا لانیکەم ٧ کۆڵبەر بریندار بوون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە شەوی ڕابردوو هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچەی سنووریی شاری نەوسوود بە جەکی ساچمەزەن دەسڕێژیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردووە کە لە ئەنجامدا لانیکەم ٧ کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی پاوە، جوانڕۆ و سەلاسی باوەجانی بریندار بوون. ناسنامەی ٦ کەسیان بەم جۆرە ڕاگەیەنراوە: ئێحسان ڕەسوولی خەڵکی پاوه، نیما ئەعزەمی، سەلام وەیسی، میلاد بازانی و هۆشیار بازانی خەڵکی جوانڕۆ و فەرشاد خەڵکی سەلاسی باوەجانی.

ئەم کۆڵبەرانە بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی نەخۆشخانەی قودسی شاری پاوە کراون و ئێحسان ڕەسوولی بە هۆی سەختبوونی برینەکەیەوە نەشتەرگەریی بۆ کراوە.