ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوە (١٧ی ئاوریل) کۆڵبەرێکی خەڵکی مەریوان بە ناوی سەیوان دەستئەفکەن لە ملەی «تەتە»ی هەورامانی سەر بە شاری سەوڵاوا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و کوژرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوە (١٧ی ئاوریل) لە ملەی «تەتە»ی هەورامان هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت دەسڕێژیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردووە کە لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا کۆڵبەرێک بە ناوی سەیوان دەستئەفکەن گیانی لە دەست داوە.
سەیوان دەستئەفکەن، ٣١ ساڵان، باوکی منداڵێک و خەڵکی گوندی «دەرەپەمان»ی شاری مەریوان بوو.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە (نەورۆز) تا ئێستا ٥ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی شارەکانی نەوسوود، بانە و سەوڵاوا بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران کوژراون. هەروەها ٥ کۆڵبەری دیکەیش بە هۆی ڕەقبوونەوە لە سەرمادا، جەڵدەی دڵ و داکەوتن لە بەرزاییەوە گیانیان لە دەست داوە.