مەسعەب سەبزەواری، کۆڵبەری لاوی خەڵکی گوندی «قشڵاق»ی ناوچەی شاهۆی ڕوانسەر، دوای دوو ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشان، بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە گیانی لە دەست دا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم کۆڵبەرە لاوە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (١١ی دیسامبەری ٢٠٢٤) لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت کەوتبووە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و لە لای سەر و ملەوە بریندار بووبوو.

مەسعەب سەبزەواری کە بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشان کرابوو، ڕۆژی هەینی ٢٣ی سەرماوەز (١٣ی دیسامبەر) بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە گیانی لە دەست دا.