محەممەد ڕەحیمی، کۆڵبەری لاوی خەڵکی شارۆچکەی «بانەوەڕە»ی پاوە، لە ناوچە سنوورییەکانی ئەم شارەدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و گیانی بەخت کرد.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (٢٥ی مەیی ٢٠٢٥) هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە سنووری «دەرەوەڵێ»ی پاوە لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت دەسڕێژیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کرد کە لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا محەممەد ڕەحیمی پێکرا و دەسبەجێ گیانی لە دەست دا.

محەممەد ڕەحیمی باوکی منداڵێکی کەمتەمەن و خەڵکی شارۆچکەی «بانەوەڕە»ی سەر بە شاری پاوە بوو.