هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە ملەی سنووریی «ژاڵانە»ی سەر بە سەوڵاوا دەسڕێژیان لە ئۆتۆمبێلێکی هەڵگری کۆڵبەران کردووە کە لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا کۆڵبەرێکی لاو بە ناوی کووروش مورادی کوژراوە و کۆڵبەرێکی تریش بە ناوی ڕزگار وەتەندۆست بە سەختی بریندار بووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سەوڵاواوە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (٢٨ی مەیی ٢٠٢٥) ئۆتۆمبێلێکی هەڵگری کۆڵبەران لە ناوچەی سنووریی ژاڵانەی سەوڵاوا کەوتووەتە بەر دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی سەربازگەی ئەم خاڵە سنوورییە و لە ئەنجامی دەسڕێژەکەدا کووروش مورادی، کۆڵبەری ٢٠ ساڵانی خەڵکی گوندی «سپیار»ی سەوڵاوا، دەسبەجێ گیانی لە دەست داوە و ڕزگار وەتەندۆستیش بە سەختی بریندار بووە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەو ئۆتۆمبێلێە کە هەڵگری کۆڵبەران بوو، بەرەو سنوور دەڕۆیشت و هیچ جۆرە کاڵایەکی پێ نەبوو، بەڵام هێزە سنوورپارێزەکان لە مەودای نزیکەوە دەسڕێژیان لێ کرد.

تەرمی کووروش مورادی گوازراوەتەوە بۆ پزیشکیی دادی مەریوان و ڕزگار وەتەندۆستیش لە بەشی چاودێرییە تایبەتەکانی نەخۆشخانەی بووعەلیی مەریوان لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.