لە ئەنجامی دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکاندا بۆ سەر گرووپێک کۆڵبەر لە ناوچەی سنووریی بانە، کۆڵبەرێکی لاو بە ناوی سەیوان عەبدوڵڵازادە کوژرا و کۆڵبەرێکی تر بە ناوی حسەین (پاشناوەکەی نەزانراوە) بە سەختی بریندار بوو.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٧ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (٢٨ی ژوەنی ٢٠٢٥) گرووپێک کۆڵبەر لە ناوچەی سنووریی «ئاوپەڕ»ی بانە لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت کەوتنە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی سەیوان عەبدوڵڵازادە و حسەین (پاشناوەکەی نەزانراوە) بە سەختی بریندار بوون.

هەر لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا چەندین سەر ئەسپی ئەم کۆڵبەرانەیش کوژران.

دوای گواستنەوەی ئەم دوو کۆڵبەرە بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی سەقز، سەیوان عەبدوڵڵازادە بە هۆی سەختیی برینەکانیەوە گیانی لە دەست دا و دەوترێت کۆڵبەرەکەی دیکەیش لە دۆخێکی ناجێگیردایە.

سەیوان عەبدوڵڵازادە ٢٣ ساڵان و خەڵکی گوندی «حەوتتاش»ی بانە بوو.