خالید محەممەدی، کۆڵبەری ٢٣ ساڵانی خەڵکی بانە، لە ناوچە سنوورییەکانی ئەم شارەدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و کوژرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (٨ی جولایی ٢٠٢٥) دەستەیەک کۆڵبەر لە ناوچەی سنووریی «شابدین»ی بانە لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانی ئێرانەوە دەسڕێژیان لێ کراوە و لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا خالید محەممەدی پێکراوە و دەسبەجێ گیانی لە دەست داوە.
تەرمی ئەم کۆڵبەرە براوەتە پزیشکیی دادی بانە و تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.
دەوترێت خالید محەممەدی ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو ڕێوڕەسمی دەسگیرانداریی لەگەڵ خۆشەویستەکەی بەڕێوە بردبوو و پاش ڕێوڕەسمەکە بۆ کۆڵبەری بەرەو سنووری شابدینی بانە بەڕێ کەوتبوو.