پەیام ئەحمەدی، کۆڵبەری لاوی خەڵکی گوندی «بەرقوڕوو»ی سەوڵاوا، لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران گیانی لە دەست دا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (١٥ی جولایی ٢٠٢٥) هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە سنووری «هەنجیران»ی مەریوان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و لە مەودای نزیکەوە دەسڕێژیان لە گرووپێک کۆڵبەر کرد کە لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا پەیام ئەحمەدی پێکرا و دەسبەجێ گیانی لە دەست دا.

بە هۆی چڕبوونی دەسڕێژەکان و جێگیرکردنی بەربڵاوی هێزە سنوورپارێزەکانەوە لە ناوچەکەدا، تەرمی بێگیانی ئەم کۆڵبەرە لاوە دوای ڕۆژێک لە لایەن خەڵکی ناوچەکەوە دۆزرایەوە و پاشان هەر خۆیان گواستیانەوە بۆ پزیشکیی دادی مەریوان.

پەیام ئەحمەدی باوکی منداڵێک بوو.