لە ئەنجامی دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکاندا بۆ سەر کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکانی سەوڵاوا و مەریوان، کۆڵبەرێک بە ناوی ئەمین گەردی گیانی لە دەست دا و دوو کۆڵبەری تریش بە ناوەکانی دانیال ساڵحی و ڕەسوول فەتحی بریندار بوون.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٤ (٢٤ی جولایی ٢٠٢٥) دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی دانیال ساڵحی، ٢٤ ساڵان و خەڵکی گوندی دووپلوورە«ی مەریوان» و ڕەسوول فەتحی، لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان کەوتوونەتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و بریندار بوون.
دەوترێت دانیال ساڵحی کە هەردوو قاچەکەی بە گوللە پێکراوە، لە دۆخێکی تەندروستیی زۆر خراپ و ناجێگیردایە.
هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ١ی گەلاوێژی ١٤٠٤ (٢٣ی جولایی ٢٠٢٥) لە ملەی «تەتە»ی ناوچەی هەورامانی سەوڵاوا گرووپێک کۆڵبەر بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و لە مەودای نزیکەوە کەوتوونەتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا کۆڵبەرێکی ٤٠ ساڵان بە ناوی ئەمین گەردی کە باوکی منداڵێک و خەڵکی گەندی «کانی تەمەرخان»ی مەریوان بوو، پێکراوە و دەسبەجێ گیانی لە دەست داوە.

