بەرزان ساڵحی، کۆڵبەری خەڵکی بانە، لە ناوچە سنوورییەکانی ئەم شارەدا بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران گیانی بەخت کرد.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئێوارەی ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٤ (٢٥ی جولایی ٢٠٢٥) دەستەیەک کۆڵبەر لە ناوچەی سنووریی «سەیرانبەند»ی بانە لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت کەوتنە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان و لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا بەرزان ساڵحی پێکرا و دەسبەجێ گیانی لە دەست دا.
بەرزان ساڵحی ٣٨ ساڵان، خەڵکی بانە و باوکی سێ منداڵ بوو.
بە گوێرەی ئامارە تۆمارکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە پووشپەڕی ١٤٠٤دا (ژوەن و جولایی ٢٠٢٥) سێ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای کوردستاندا بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران کوژراون.