هێمن دانش، کۆڵبەری خەڵکی مەریوان، لە ناوچە سنوورییەکانی ئەم شارەدا بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران گیانی بەخت کرد.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٦ی گەلاوێژی ١٤٠٤ (٢٨ی جولایی ٢٠٢٥) دەستەیەک کۆڵبەر لە ناوچەی سنووریی «هەنجیران»ی مەریوان لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت کەوتنە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان و لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا هێمن دانش پێکرا و دەسبەجێ گیانی لە دەست دا.
هێمن دانش ٢٦ ساڵان و باوکی منداڵێک بوو.
لە ماوەی یەک حەفتەی ڕابردوودا ٢ کۆڵبەری تر بە ناوەکانی بەرزان ساڵحی و ئەمین گەردی لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و سەوڵاوا بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران گیانیان لە دەست داوە.