لە ئەنجامی دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێراندا بۆ سەر کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و نەوسوود، قاسم عەزیزی کوژرا و کاروان ئەڵماسییش بریندار کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی ڕەزبەری ١٤٠٤ (٢٥ی سێپتامبەری ٢٠٢٥) دەستەیەک کۆڵبەر لە ناوچەی سنووریی «بلەسەن»ی بانە لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت کەوتنە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا کۆڵبەرێک بە ناوی قاسم عەزیزی پێکرا و دەسبەجێ گیانی لە دەست دا.
قاسم عەزیزی ٤٧ ساڵان، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی بانە بوو.
هەروەها ئێوارەی سێشەممە ١ی ڕەزبەری ١٤٠٤ (٢٣ی سێپتامبەری ٢٠٢٥) دەستەیەک کۆڵبەر لە سنووریی نەوسوودی کرماشان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت کەوتنە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەیشدا کۆڵبەرێکی خەڵکی سەلاسی باوەجانی بە ناوی کاروان ئەڵماسی بریندار بوو.
دەوترێت ئێسکی باڵی ئەم کۆڵبەرە بە هۆی بەرکەوتنی گوللەی کڵاشینکۆفەوە شکاوە و ئێستە لە دۆخێکی جەستەیی خراپ و ناجێگیردایە.