لە ئەنجامی دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێراندا بۆ سەر ئۆتۆمبێلی هەڵگری کۆڵبەران لە جادەی ناوچەی سنووریی «ساردئاو»ی بانە، کۆڵبەرێکی ٤٠ ساڵان بە ناوی مەهدی شەریفی گیانی بەخت کرد.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕەزبەری ١٤٠٤ (٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە جادەی ناوچەی سنووریی «ساردئاو»ی شاری بانە، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و لە مەودای نزیکەوە دەسڕێژیان لە ئۆتۆمبێلێکی کۆڵبەران کرد کە لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا مەهدی شەریفی پێکرا و دەسبەجێ گیانی لە دەست دا.
مەهدی شەریفی ٤٠ ساڵان، باوکی منداڵێک و خەڵکی گوندی «کانی سێف»ی بانە بوو.
لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا ٢ کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی ڕێبوار محەممەدزادە و قاسم عەزیزی لە ناوچە سنوورییەکانی بانە بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران کوژراون.