هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە ناوچەی سنووریی «کانی سێف»ی بانە لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت دەسڕێژیان لە ئۆتۆمبێلێکی کۆڵبەران کرد و لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بە ناوی ئیبراهیم پیرانزاد دەسبەجێ کوژرا و کۆڵبەرێکیش بە ناوی شاهۆ بە سەختی بریندار بوو.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئێوارەی ڕۆژی ٢ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (٢٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) ئۆتۆمبێلێکی کۆڵبەران کە بەتاڵ بوو و هیچ کاڵایەکی بیانیی پێ نەبوو، لە ناوچەی سنووریی «کانی سێف»ی بانە کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران. ئەم دەسڕێژە بووە هۆی گیانلەدەستدانی شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بە ناوی ئیبراهیم پیرانزاد و کۆڵبەرێکیش بە ناوی شاهۆ بە سەختی بریندار بوو.

دوای ڕووداوەکە، خزم و کەسوکاری ئەم کاسبکارە لە پەرچەکردارێکی ناڕەزاییانەدا تەرمەکەیان بردە بەردەم قایمقامییەت (فەرمانداری)ی ئەم شارە و لەوێ گرد بوونەوە، بەڵام هێزە ئینتیزامی و جلوبەرگ مەدەنییەکان یەکسەر چوونە سەریان و کۆتاییان بە گردبوونەوەکە هێنا.

ئیبراهیم پیرانزاد ٣٢ ساڵان، باوکی دوو منداڵ، خەڵکی گوندی «بێلوێ» و دانیشتووی شاری بانە بوو.