سیروان خۆشنەمەک، کۆڵبەری ١٨ ساڵانی خەڵکی گوندی «دووماڵ»ی مەریوان، بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی ئەم شارەدا کوژرا.
بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٥ی پووشپەڕی ١٤٠٥ (٦ی جولایی ٢٠٢٦)، ئەم کۆڵبەرە لاوە لە کاتی کۆڵبەریدا لە ناوچە سنوورییەکانی نزیک لە گوندی «وەیسە»ی مەریوان لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت کەوتووەتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و دەسبەجێ گیانی لە دەست داوە.
تەرمی سیروان خۆشنەمەک گوازراوەتەوە بۆ دادپزیشکیی مەریوان و تا ساتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکرابووەوە.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەمە دووەم حاڵەتی کوشتنی کۆڵبەرانە بە دەستی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران، پێشتر و لە بەرەبەیانی ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٥دا (٣ی جولایی ٢٠٢٦) کۆڵبەرێکی ٥٧ ساڵان بە ناوی وەزیر ڕەحیمی لە سنووری «شۆشمێ»ی سەر بە نەوسوود کەوتە بەر دەسڕێژی ئەو هێزانەوە. وەزیر ڕەحیمی باوکی پێنج منداڵ بوو و دەسبەجێ گیانی لە دەست دا.
دوای ڕووداوەکە، کچێکی ئەم کۆڵبەرە گیانبەختکردووە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاندبوو کە باوکی هیچ کاڵایەکی پێ نەبووە و سەرباری ئەمەیش، هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بەبێ هیچ هۆکارێک تەقەیان لێ کردووە و کوشتوویانە.