کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی سەردەشت بە ناوی زانیار ئێراننژاد لە بەرزاییە سنوورییەکانی گوندی «دەرەکێ»ی سەر بە شاری سەوڵاوا لە ئەنجامی دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکاندا گیانی لە دەست دا.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئێوارەی ٢٣ی پووشپەڕی ١٤٠٥ (١٤ی جولایی ٢٠٢٦) دەستەیەک کۆڵبەر لە بەرزاییە سنوورییەکانی گوندی «دەرەکێ»ی سەر بە شاری سەوڵاوا لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت کەوتنە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران، لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی سەردەشت بە ناوی زانیار ئێراننژاد پێکرا و دەسبەجێ گیانی لە دەست دا.

دەوترێت تەرمی ئەم کۆڵبەرە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی بووعەلیی شاری مەریوان.

پێشتریش لە ئێوارەی ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠٥دا (٩ی جولایی ٢٠٢٦) هێزە سنوورپارێزەکان دەسڕێژیان لە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەم گوندە کرد کە لەگەڵ بنەماڵەکەیدا لە باخەکەیانەوە بەرەو ماڵەوە دەگەڕانەوە، لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەیشدا منداڵێکی ١٥ ساڵان بە ناوی سام حەسەنی لە لای سەرەوە پێکرا و دەسبەجێ گیانی لە دەست دا، باوکیشی، ئەحسەن حەسەنی، لە لای قاچەوە بریندار بوو.

بە گوێرەی ئامارە تۆمارکراوەکان لە لایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە، لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا دوو کۆڵبەری دیکەیش بە ناوەکانی سیروان خۆشنەمەک، ١٨ ساڵان و وەزیر ڕەحیمی، ٥٧ ساڵان، بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان و نەوسوود گیانیان لە دەست داوە.