سوهەیل فیردەوسی، کۆڵبەری ٢٠ ساڵانی خەڵکی گوندی «دزاوەر»ی پاوە و ڕەسوول قەلەندەری، هاووڵاتیی ٢١ ساڵانی خەڵکی گوندی «بەلووجەک»ی خۆی، لە ناوچە سنوورییەکانی ئەم دوو شارەدا کەوتنە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و گیانیان لە دەست دا.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ١ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (٢٣ی جولایی ٢٠٢٦) هێزە سنوورپارێزەکان لە گوندی سنووریی «دزاوەر»ی سەر بە نەوسوودی پاوە، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و لە مەودای نزیکەوە دەسڕێژیان لە سوهەیل فیردەوسی کردووە و لە ئەنجامی دەسڕێژەکەدا ئەم کۆڵبەرە لاوە دەسبەجێ کوژراوە.

بە وتەی کەسێکی نزیک لەم کۆڵبەرە کوردە، سوهەیل تەنها چەند دەبەیەکی بەتاڵی پێ بووە، بەڵام هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە نزیک خاڵی سنووریی گوندەکەدا دەسڕێژیان لێ کردووە، چەندین گوللە بەر پشتی کەوتووە و هەر لەوێ گیانی لە دەست داوە. سەرچاوەکە زیادی کرد کە تەرمەکەی براوەتە دادپزیشکیی پاوە و ئێوارەی پێنجشەممە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و لەر مەریوان ئەسپەردەی خاک کرا.

هەروەها سەرچاوەیەکی ئاگادار لە خۆیەوە هەواڵی کوژرانی ڕەسوول قەلەندەریی لە ناوچە سنوورییەکانی ئەم شارەدا پشتڕاست کردەوە. بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەم هاووڵاتییە کە خەڵکی گوندی «بەلووجەک»ی ناوچەی کوتوولی خۆی بوو، لە بەرزاییە سنوورییەکانی گوندەکەدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و بریندار بوو.

سەرچاەکە لە درێژەدا زیادی کرد: دوای ئەوەیش کە بریندار بوو و لەسەر عەرز کەوتبوو، هێزە سنوورپارێزەکان لێی نزیک بوونەوە و دوو گوللەی دیکەیان پێوە نا و کوشتیان. تەرمەکەیشی براوەتە دادپزیشکیی خۆی و تا ئێستە ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە. ڕەسوول قەلەندەری ٢١ ساڵان و باوکی دوو منداڵی ورد بوو.

بە گوێرەی ئامارە تۆمارکراوەکان لە لایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە، لە ماوەی سێ حەفتەی ڕابردوودا چوار کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان، نەوسوود و سەوڵاوا و دوو هاووڵاتیی دیکە (لەوانە منداڵێکی ١١ ساڵان) لە ناوچە سنوورییەکانی خۆی و سەوڵاوا، بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران گیانیان لە دەست داوە.