مادێح کرمانی، کۆڵبەری ٤٤ ساڵانی خەڵکی مەریوان، لە ناوچە سنوورییەکانی ئەم شارەدا لە مەودای نزیکەوە و لە کاتێکدا کە هیچ کاڵایەکی پێ نەبوو، کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان و گیانی لە دەست دا. تەرمەکەی دوای دوو ڕۆژ ونبوون، لە ساردخانەی دادپزیشکیی مەریوان ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا سەبارەت بە وردەکارییەکانی کوشتنی ئەم کۆڵبەرە وتی: «مادێح کرمانی، لەدایکبووی ١٣٦٠ (١٩٨٢)، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی گوندی «خێرئاوا» و دانیشتووی مەریوان بوو. ئەم هاووڵاتییە کاری کۆڵبەریی دەکرد و ڕۆژی سێشەممە ٦ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (٢٨ی جولایی ٢٠٢٦) وەک هەمیشە بە مەبەستی ڕۆیشتن بۆ سنوور ماڵەوەی بەجێ هێشت و ڕێگای سنووری «مڕانە»ی مەریوانی گرتە بەر».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، «تەلەفۆنەکەی بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک کوژابووەوە و بنەماڵەکەی نیگەرانی چارەنووسی بوون، هەر بۆیە بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاری چوونە سنووری باشماخ و لە سەربازێک هەواڵیان پرسی، سەربازەکە پێی وتبوون کۆڵبەرێک لە بەرزاییە سنوورییەکانەوە داکەوتووە و گیانی لە دەست داوە و تەرمەکەیشی گوازراوەتەوە بۆ ساردخانەی مەریوان».
سەرچاوەکە لە درێژەدا زیادی کرد: «مادێح هەم کارتی بانکی و هەم کارتی سووتەمەنیی پێ بوو، بەڵام نە هێزە سنوورپارێزەکان و نە دادپزیشکی بنەماڵەکەیان ئاگادار نەکردبووەوە و دوای ٤٨ کاتژمێر بنەماڵەکەی لە ساردخانە تەرمەکەیان دۆزییەوە. بە وتەی چەند کەسێک کە تەرمەکەیان بینیوە و هەروەها بەپێی بۆچوونەکەی دادپزیشکی، مادێح گوللە بەر سەری کەوتووە و دەسبەجێ گیانی لە دەست داوە. ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی گەلاوێژ (٣٠ی جولای) تەرمەکەی درایەوە بە بنەماڵەکەی و لە زادگەکەیدا ئەسپەردەی خاک کرا».
بە گوێرەی ئامارە تۆمارکراوەکانی لە لایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە، لە ماوەی چوار حەفتەی ڕابردوودا پێنج کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود، مەریوان و سەوڵاوا و هەروەها دوو هاووڵاتیی دیکەیش کە یەکیان منداڵێکی ١١ ساڵان بوو، لە ناوچە سنوورییەکانی سەوڵاوا و خۆی بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران کوژراون.