لە ڕۆژانی ڕابردوودا سێ کۆڵبەر بە ناوەکانی گۆران خدری، حەسەن موستەفازادە و بەختیار ئەمینی لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان و تەقینەوەی مین بە سەختی بریندار بوون.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچەی سنووریی هەنگەژاڵی بانە دەسڕێژیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردووە و لە ئەنجامی دەسڕێژەکەدا، حەسەن موستەفازادە، کۆڵبەری خەڵکی ڕەبەتی سەردەشت، بە سەختی بریندار بووە.

دەوترێت ئەم کۆڵبەرە سەرەتا گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبیی بانە، بەڵام بە هۆی قووڵیی برینەکانیەوە ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکیی تەورێز کراوە.

هاوکات هەر لەم ناوچە سنوورییەدا بەختیار ئەمینی، کۆڵبەری خەڵکی گوندی «دۆسینە»ی بانە و باوکی ٣ منداڵ، بە هۆی تەقینەوەی مینەوە لە لای قاچەوە بە سەختی بریندار بووە.

هەروەها ئێوارەی سێشەممە ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) گۆران خدری، باوکی منداڵێک و خەڵکی گوندی «نێزەڕۆ»ی بانە هەر لە سنووری هەنگەژاڵی ئەم شارە بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان بریندار بووە. بە گوێرەی ئامارە تۆمارکراوەکان لە لایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە، لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا بە لایەنی کەمەوە ٥ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود، مەریوان و سەوڵاوا و هەروەها دوو هاووڵاتیی دیکەیش کە یەکیان منداڵێکی ١١ ساڵان بوو، لە ناوچە سنوورییەکانی سەوڵاوا و خۆی بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی