موحەممەد تەوحیدپەنا، کۆڵبەری ٢٥ ساڵانی خەڵکی سەقز، لە سنووری «هەنگەژاڵ»ی بانە کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و گیانی لە دەست دا.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٩ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (١٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچەی سنووریی هەنگەژاڵی بانە لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت دەسڕێژیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردووە و لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا موحەممەد تەوحیدپەنا پێکراوە و دەسبەجێ گیانی لە دەست داوە.

تەرمی ئەم کۆڵبەرە چەند کاتژمێرێک دواتر لە زادگەکەیدا، گوندی «وەزمەڵە»ی سەقز، ئەسپەردە کرا، دەوترێت ئەم هاووڵاتییە نزیکەی چوار مانگ بوو هاوسەرگیریی کردبوو و هاوسەرەکەیشی دووگیانە.

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سنووری «هەنگەژاڵ»ی بانە لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ کۆڵبەران یەک لە کوشندەترین ناوچە سنوورییەکان بووە.

لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا بە لایەنی کەمەوە شەش کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود، مەریوان، بانە و سەوڵاوا بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان کوژراون و بە لایەنی کەمەوە سێ کۆڵبەری دیکەیش بە تەقینەوەی مین یان دەسڕێژی هێزە چەکدارەکان بریندار بوون.