میلاد تەبەد، کۆڵبەری ٢٨ ساڵانی خەڵکی مەریوان کە نزیکەی ساڵێک لەمەوپێش لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری «تەتە»ی هەورامان لە لای سەرەوە کەوتبووە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران، بە هۆی سەختیی برینەکانیەوە گیانی بەخت کرد.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە مەریوانەوە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «ئەم کۆڵبەرە ڕۆژی ٣ی خەرمانانی ١٤٠٤ (٢٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٥) لە کاتێکدا کە هیچ بار و کاڵایەکی پێ نەبوو، لە سنووری «تەتە»ی هەورامان کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و لە لای سەرەوە بریندار بوو».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، میلاد بە برینداری ڕەوانەی نەخۆشخانەی بووعەلیی مەریوان کرا و پاشان بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە گوازرایەوە بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی سنە. ماوەی چەندین مانگ لە بەشی چاودێڕیی چڕدا خەوێنرا و دوای ماوەیەک کە دۆخی تەندروستیی کەمێک باشتر بوو، بنەماڵەکەی لەبەر تێچووی زۆری مانەوە لە نەخۆشخانەدا بە ناچار بردیانەوە بۆ ماڵەوە.
سەرچاوەکە لە درێژەدا زیادی کرد: «ئەم کۆڵبەرە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا دۆخێکی جەستەیی ناجێگیری هەبوو و ماوەیەک لەمەوپێش دیسان بە هۆی تێکچوونی باری جەستەییەوە ڕەوانەی ناوەندە پزیشکییەکانی سنە کرا، بەڵام ڕۆژی ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (١٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) بە هۆی سەختیی برینەکانیەوە گیانی لە دەست دا».
میلاد تەبەد، ٢٨ ساڵان، باوکی منداڵێک و خەڵکی گوندی «گڵیە»ی مەریوان بوو.