دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی نەجیه جەعفەری و کەمال ئێحسانبەخش لە ناوچەی سنووریی «میمک»ی ئیلام بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بریندار بوون.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٣ (١٦ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) ئەم دوو هاووڵاتییە لە کاتی لەوەڕاندنی ئاژەڵدا لە ناوچەی سنووریی «میمک»ی ئیلام مینێکیان پێدا تەقیوەتەوە و هەردووکیان بریندار بوون. لەم تەقینەوەیەدا کەمال ئێحسانبەخش قاچی چەپی پەڕیوە و نەجیه جەعفەریی هاوسەریشی لە لای چاو و زگەوە بریندار بووە.
ئەم دوو هاووڵاتییە بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی نەخۆشخانەی خومەینیی ئیلام کراون و دەوترێت دۆخی کەمال ئێحسانبەخش ناجێگیر و مایەی نیگەرانییە.