هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی «خوڕخوڕە»ی سەقز بە ناوی پەیمان ڕەحمانپوور بە هۆی تەقینەوەی مینەوە لە بەرزاییەکانی ئەم گوندەدا گیانی لە دەست دا.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی گوڵانی ١٤٠٥ (٧ی مەیی ٢٠٢٦) پەیمان ڕەحمانپووری ٢١ ساڵان لە بەرزاییەکانی گوندی «خوڕخوڕە» بە هۆی تەقینەوەی مینێکی سەردەمی شەڕی ئێران و ئێراقەوە گیانی لە دەست داوە.

هەموو ساڵێک تەقینەوەی ئەو مینانەی لە سەردەمی شەڕی ئێران و ئێراق یان لە کاتی هێرشی سەربازیی کۆماری ئیسلامیدا بۆ سەر کوردستان لە دەیەی ٦٠ی هەتاویدا (٨٠ی زایینی) چێنرابوون، لە ناوچە سنوورییەکان و بەتایبەت لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان و ئیلامدا دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان یان کەمئەندامیی دەیان هاووڵاتی و لە هەندێ کاتدا تەنانەت هێزە سەربازییەکانیش.