بەپێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی كوردستان، حوکمی زیندانیکردنی سادق عەباسی، هاووڵاتیی کورد و توێژەری زانستە ئاسمانییەکان کە لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٣٩٦دا دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن لقی ٢٧ی دیوانی باڵای ئێرانەوە پەسەند کرا.
سادق عەباسی لە ١٥ی بەفرانباری ١٣٩٦دا لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٤٥ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێویندا لێپرسینەوەی لێ کرا. ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕێبەندانی هەمان ساڵدا بە دانانی بارمتە ئازاد کرا و لە پووشپەڕی ١٣٩٧ لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی تاراندا بە سەرۆکایەتیی “دادوەر سەڵەواتی”، بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی پێوەندییەوە لەگەڵ ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلقدا» حوکمی ٢ ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە.
بەپێی زانیارییەکان، هۆکاری تۆمەتبارکردنی ناوبراو بەم تۆمەتە لە لایەن کاربەدەستانی ئەمنیەتییەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەندامبوونی لە چەند کاناڵێکی تێلێگرامیدا و هەروەها پێوەندیی خزمایەتیی ناوبراو لەگەڵ دو ئەندامی پێشووی ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلقدا کە لە دەهەی شەستدا لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە سێدارە درابوون.
دوای ئەوەی ناوبراو ناڕەزایەتیی خۆی لەم حوکمە تۆمار کرد، حوکمەکە هەم لە لقی ٣٦ی دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای تاران و هەم لە دیوانی باڵای ئێراندا وەک خۆی پەسەند کرایەوە. ئەم هاووڵاتییە هەروەها داوای دادگاییکردنەوەی دووبارەیشی کردبوو کە داواکەی لە ١٣ی پووشپەڕی ئەمساڵدا لە لایەن لقی ٢٧ی دادگای ئینقلاب ئیسلامیی قومەوە ڕەت کرابوویەوە و ئەم حوکمە ئێستا ئیتر حەتمییە و دەبێ جێبەجێ بکرێت.
“سادق عەباسی” هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سونقوڕی پارێزگای کرماشان و دانیشتووی تارانە کە نزیکەی ٢٥ ساڵە لە توێژینگەی ئاسمانیی ئێراندا کار دەکات.