به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو به‌ختیار ڕه‌حیمی، چالاكی كرێكاری كه له کاتی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر و به دانانی بارمته ئازاد كرابوو، له لایه‌ن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مه‌ریوانه‌وه به تۆمه‌تی پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی، حوکمی دوو ساڵ زیندانی به سه‌ردا سه‌پاوه.
ئه‌م چالاكه كرێكارییه له‌ڕێكه‌وتی ٦ی سه‌رماوه‌زدا له شوێنی كاره‌كه‌ی له ئیداره‌ی کارەبای مه‌ریوان ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوو. ناوبراو ڕۆژی ٣٠ سه‌رماوه‌ز به دانانی بارمته‌ی ١٠٠ میلیۆن تمه‌نی له زیندانی سنه ئازاد كرا.
ڕێكخراوی لێبوردنی نێونه‌ته‌وه‌یی له دوایین ڕۆژه‌كانی مانگی سه‌رماوه‌زی ساڵی ڕابردوودا به بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕاگه‌یەندراوێك لەسەر دۆخی ئه‌م چالاكه كرێكارییه‌ی كورد، نیگه‌رانیی خۆی ده‌ربڕیبوو، له‌م به‌یاننامه‌یه‌دا هاتبوو كه ناوبراو له ماوه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ربوونیدا ته‌نیا یه‌ك جار پێوه‌ندییه‌كی كورتی ته‌له‌فۆنیی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵەکەی گرتووه. ناوبراو گیرۆدەی نه‌خۆشیی گورچیلهیە و پێویستی به چاودێریی به‌رده‌وام و ڕۆژانه‌ی پزیشكی هه‌یه. به‌ختیار ڕه‌حیمی پێشتریش له مانگی پووشپه‌ڕی ١٣٨٦دا ده‌ستبه‌سه‌ر و دوای یازده مانگ به دانانی بارمته ئازاد كرابوو.