زیندانییەکی سیاسیی کورد حوکمی ١٧ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا
سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/prison-sentences-ku/2020/08/14/p8910
بهپێی زانیارییهكانی تۆڕی مافهكانی مرۆڤی كوردستان، ئارەش نەسری، زیندانیی سیاسیی کوردی زیندانی ڕەجاییشاری کەرەج، لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلاب ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقیسە، سەرجەم ١٧ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
بەپێی ئەم حوکمە، سزاکانی ناوبراو بەم چەشنەیە: بە تۆمەتی «چالاکیی دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامبوونەوە لە ڕێکخراوی خەباتی کوردستانی ئێراندا» ٦ ساڵ، بە تۆمەتی «گواستنەوە و ڕاگرتنی چەک» ٦ ساڵ، «هاتوچۆکردنی نایاسایی لە سنوورەوە» ساڵ و نیوێک، هەروەها «کڕین و فرۆشتنی چەک» ٣ ساڵ و نیو. ناوبراو بەشی هەرەزۆری تۆمەتەکانی ڕەت کردبۆوە. ئەگەر ئەم حوکمە وەک خۆی پەسەند بکرێت، بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی ٦ ساڵی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەم زیندانییە سیاسییە ڕۆژی ٣٠ی پووشەڕ دادگایی کرابوو و ڕۆژی ١٥ی گەلاوێژ حوکمەکەی پێ ڕاگەیەنراوە. دەوترێت هۆکاری دەرچوونی سەرجەم ئەو سزایانەی پێوەندییان بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتن و گواستنەوە و ڕاگرتنی چەکەوە هەیە، دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک وێنە کە ناوبراو چەند ساڵ لەمەوپێش و کاتێک کە لە هەرێمی کوردستاندا بووە، لە ئینستاگرام بڵاوی کردبوونەوە.
ئارەش نەسری، هاووڵاتیی خەڵکی سنە و دانیشتووی وەرامین، ٢٩ی سەرماوەزی ١٣٩٨ لە لایەن هێزەکانی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپاوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا و ٨ی ڕێبەندان دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان گواسترایەوە بۆ زیندانی ڕەجاییشاری کەرەج. ئەم بەندکراوە سیاسییە پێشتر بۆ ماوەی ٣ ساڵ دانیشتووی هەرێمی کوردستان و ماوەیەکیش ئەندامی ڕێکخراوی خەباتی کوردستانی ئێران بووە. ناوبراو نزیکەی ساڵ و نیوێک لەمەوپێش گەڕایەوە ئێران و ئێستا باوکی کچێکی ١١ مانگانە.
بابەتی پەیوەندیدار
-
سزای ساڵێک بەندکران و سزای تەواوکەر بۆ چالاکی کرێکاریی کورد فەرهاد شێخی
-
ئەژدەر پیریی سارمانلوو، ڕۆژنامەوان و توێژەری کورد، سزای ساڵێک بەندکران و سزای تەواوکەری بەسەردا سەپا
-
فاتمە داوەند حوکمی ٥ ساڵ و ٥ مانگ بەندکران و لێدانی٣٠ قامچی بەسەردا سەپا
-
زارا محهممهدی ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا
-
حوکمی سێدارە بەسەر بەندکراوێکی مەزهەبی کورد بە ناوی مەحیەدین تازەوارد سەپێندرا
-
حوکمی یەک ساڵ زیندان بۆ عادڵ موکەڕەم