بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، زیندانیی سیاسیی کورد نائێب حاجی‌پوور، لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێوە بە تۆمەتی «چالاکیی دژی ئاسایشی نەتەوەیی لەڕێی ئەندامبوونەوە لە حیزبی کۆمەڵەدا» سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە ڕۆژی ٣ی سەرماوەز لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی دادگایی کرا و لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا حوکمەکەی پێ ڕاگەیەنراوە.

ئەم هاووڵاتییەی خەڵکی ورمێ لەگەڵ چوار هاووڵاتیی دیکەدا بە ناوەکانی کەیوان ڕەشۆزادە، کامران قاسمی، ئومید سەعیدی و عەبدولعەزیز محەممەدپوور، ١٦ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و دواتر گواسترابوونەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. 

ئەم هاووڵاتییانە دوای مانگێک لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندی لاوانی زیندانی ناوەندیی ورمێ کران. نائێب حاجی‌پوور ئێستا لە بەندی ١-٢، عەبدولعەزیز محەممەدپوور لە بەندی ٣ و ئەو ٣ زیندانییەکەی‌تریش لە بەندی لاواندان.