به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، سێ به‌ندكراوی سیاسیی كورد به‌ ناوه‌كانی كامه‌ران قاسمی، كه‌یوان ڕه‌شۆزاده‌ و ئومید سه‌عیدی له‌ لایه‌ن لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێوه‌ به‌ تۆمه‌تی تێكدانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له‌ ڕێگای ئه‌ندامبوونەوە له‌ حیزبی كۆمه‌ڵه‌، هەر کامە سزای ده‌ ساڵ و ڕۆژیك به‌ندكرانیان به‌ سه‌ردا سه‌پاوە.

كۆبوونه‌وه‌ی دادگای ئه‌م سێ به‌ندكراوه‌ سیاسییه‌ ڕۆژی ٣ی سه‌رماوه‌ز له‌ لقی دووی دادگای شۆڕشی به‌ڕێوه‌ چوو و ئه‌م حوكمه‌ له‌ ڕۆژانی ڕابردوودا له‌ زیندان پێیان ڕاگه‌یەنراوه‌.

پێشتر تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان هەواڵی سەپاندنی سزای پێنج ساڵ زیندان بۆ نائیب حاجی‌پووری بڵاو کردبۆوە كه‌ یه‌كێكی دیكه‌یە له‌ هاودۆسییه‌كانی ئه‌م به‌ندكراوانه‌. 

ئه‌م سێ به‌ندكراوه‌ سیاسییه‌ كورده‌ پێشتر و له‌ كۆتاییه‌كانی مانگی گه‌ڵاڕێزاندا بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست نادیاربوونی بەردەوامی چارەنووسیان و هەروەها زەخت و گوشاری نووسینگەی تایبەتی ئیدارەی ئیتلاعات و جێبەجێنەکردنی یاسای جیاکردنەوەی تۆمەتبارەکان لە بەندی لاوانی زیندانی ناوەندیی ورمێ، مانگرتنی وشکیان دەست پێ كردبوو،

ئه‌م سێ هاووڵاتییه‌ ی خه‌ڵكی ورمێ لەگەڵ دوو هاووڵاتیی دیکەدا بە ناوەکانی نائیب (مەسعوود) حاجی‌پوور و عەبدولعەزیز محەممەدپوور، ١٦ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و ئینجا گواسترابوونەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. ئەم هاووڵاتییانە دوای مانگێک لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندی لاوانی زیندانی ناوەندیی ورمێ کران. نائیب حاجی‌پوور ئێستا لە بەندی ١-٢ و عەبدولعەزیز محەممەدپووریش لە بەندی ٣دایە.