به‌ پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه‌وتۆته‌ ده‌ست تۆری مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، سه‌عید تابناك به‌ندكراوی سیاسی كورد كه‌ پێشتر له‌ لایه‌ن دادگای شۆڕشی شنۆوه‌، به‌ هه‌شت ساڵ زیندان مه‌حكووم كرابوو. حوكمه‌كه‌ی له‌ دادگای پێداچوونه‌وه‌ی پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاواوه‌ كه‌مكرایه‌وه‌ بۆ چوارساڵ و دوو مانگ زیندان. 

ئه‌م به‌ندكراوه‌ سیاسییه‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی خه‌رمانانی ئه‌مساڵه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی حوكمه‌ هه‌شت ساڵ زیندانه‌كه‌ی ڕه‌وانه‌ی زیندانی نه‌غه‌ده‌ كرا. ناوبراو له‌ ڕێكه‌وتی ١٤ی پووشپه‌ڕی ١٣٩٩دا له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ له‌ شاری شنۆ ده‌ستبه‌سه‌ر و ڕه‌وانه‌ی ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئه‌م ده‌زگا ئه‌منییه‌تییه‌ له‌ شاری ورمێ كرا. 

ئه‌م هاووڵاتییه‌ له‌ ڕێكه‌وتی ١٩ی گه‌ڵاڕێزانی ١٣٩٩دا دوای ته‌واو بوونی لێكۆڵیینه‌وه‌كان به‌ دانانی بارمته‌  شێوه‌ی كاتی ئازاد كرا. ناوبراو دوای چه‌ند مانگ له‌ لایه‌ن دادگای شۆڕشی شنۆوه‌ به‌ تۆمه‌تی “چالاكی دژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی” له‌ ڕێگه‌ی ئه‌ندامبوونه‌وه‌ له‌ حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، حوكمی هه‌شت زیندانی به‌ سه‌ردا سه‌پا.