لەم ڕۆژانەی دواییدا هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ماکۆ بە ناوی محەممەد برووکی میلان کە لە پرۆسەیەکی دادوەریی ئاڵۆز و ناڕووندا لە لایەن دادگاکانی شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ و خۆی و لقی یەکەمی دادگای کەیفەریی یەکی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاواوە کە تایبەتە بە منداڵان، بە تۆمەتی «هاوکاریکردنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)»، «ڕاگرتنی چەکوچۆڵ و تەقەمەنیی شەڕ» و «موحارەبە» بە گشتی حوکمی ٤٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەی ئەم زیندانییە سیاسییە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «محەممەد برووکی میلان لە گەڵاڕێزانی ١٣٩٤دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای چەند حەفتەیەک مانەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کرابوو. ناوبراو لە خەرمانانی ١٣٩٥دا لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەلی شێخلو بە تۆمەتی «هاوکاریکردنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)» حوکمی ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا. دوای دەرچوونی ئەم حوکمە، تا کاتی یەکلابوونەوەی لە دادگای پێداچوونەوەدا بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو».

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد: «محەممەد برووکی میلان ساڵی ڕابردوو لە پرۆسەیەکی دادوەریی ئاڵۆز و ناڕووندا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای کەیفەریی یەکی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاواوە کە تایبەتە بە منداڵان بە تۆمەتی ڕاگرتنی چەکوچۆڵ و تەقەمەنیی شەڕ، حوکمی ١٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا. هەروەها لە دۆسیەیەکی تردا بە تۆمەتی موحارەبە لە ڕێگەی ئەندامبوونەوە لە پژاکدا، دۆسیەیەکی تازەی لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی خۆی بۆ کرایەوە و لەو دۆسیەیەشدا حوکمی ٢٢ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا».

لە حاڵێکدا ئەم هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) حوکمی ٢٢ ساڵ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە کە پێشتر لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە هەر بەم تۆمەتە حوکمی ٥ ساڵ زیندانی بۆ بڕابوویەوە. پارێزەری ئەم زیندانییە سیاسییە وێڕای تانەدان لەم حوکمانە داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی پێشکەش کردووە بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکی وەرنەگرتووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دوابەدوای پەسەندکرانی ئەم حوکمانە، محەممەد برووکی میلان حەفتەی ڕابردوو لە ماکۆ دەستبەسەر کرا و بۆ جێبەجێکردنی حوکم ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراوە. ناوبراو ئێستا لە بەندی زیندانییانی تۆمەتە گشتییەکاندایە.