تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان
یارمەتی

سزاکان کرماشان

گوشار و هەڕەشە لەسەر بنەماڵەی سوحبەتوڵڵا ئومیدی لە شایەتحاڵەکانی دادگای نێونەتەوەیی گەڵاڕێزان لە کرماشان

سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/prison-sentences-ku/2022/03/02/p11838

لەم ڕۆژانەی دواییدا هێزە ئەمنییەکان لە شاری کرماشان چوونەتە سەر ماڵی ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی سوحبەتوڵڵا ئومیدی لە شایەتحاڵەکانی دادگای نێونەتەوەیی گەڵاڕێزان و وێڕای پشکنینی ماڵەکان لێپرسینەوەیان لەو کەسانەیش کردووە.

سوحبەتوڵڵا ئومیدی وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە، بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «لە ڕۆژانی ڕابردوودا و دوای گەڕانەوەی بنەماڵەکەم لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیی نەنکم، کاروانێک لە هێزە ئەمنییەکان گەمارۆی ماڵی یەک لە براکانمیان داوە و دوای هێرشکردنە سەر ماڵەکە، دەستیان داوەتە پشکنین و لێپرسینەوە لە ئەندامانی بنەماڵە».

بە وتەی ئەم چالاکە کوردە، دوای چوونەدەرەوەی خۆی لە ئێران و دوابەدوای بەشداریکردنی لە دادگای نێونەتەوەیی گەڵاڕێزاندا، گوشاری سەر ئەندامانی بنەماڵەکەی لە ئێران زیادی کردووە.

سوحبەتوڵڵا ئومیدی، چالاکی کورد، وەک شایەتحاڵی ١٧٥ لە دادگای نێونەتەوەیی گەڵاڕێزان لەسەر دەستبەسەرکردنی خۆی و خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨ لە کرماشان شایەتیی دا.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢٨ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨دا لە ناو خۆپیشاندانەکانی گەڵاڕێزان و لە حاڵێکدا کە چەند ڕۆژ پێش لەوە بریندار ببوو، لە ماڵی یەک لە هاوڕێکاانیدا لە کرماشان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەدا مافی وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پززیشکیی گونجاوی لێ زەوت کرابوو و لە ڕێکەوتی ٦ی بەفرانباردا و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی دیزڵئاوای کرماشان کرا.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ٩ی بەفرانباردا بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان ئازاد کرا. دادگای ئەم چالاکە کوردە لە ڕێکەوتی ٢٤ی ڕێبەنداندا لەگەڵ دوو چالاکی کوردی دیکە بە ناوەکانی مەحیەدین ئەسغەری و خەلیل ئەسەدی بووژانی لە لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی کرماشان بەڕێوە چوو.

ناوبراو بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکانی حکوومەتدا» سزای ٥ ساڵ و بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی وڵات» سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە لە دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای کرماشاندا وەک خۆی پەسەند کرایەوە. بنەماڵەی سوحبەتوڵڵا ئومیدی لە ڕێبەندانی ١٣٩٩دا و لەبەر زەخت و گوشاری دادگوستەری و ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان، ناچار بوون بڕی بارمتەی دانراو بۆ ئازادبوونی کاتیی منداڵەکەیان بە کاش ڕادەستی حکوومەت بکەن.