بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە ١٨ی گەلاوێژ (٩ی ئاگۆست) زەمانە زیویە، چالاکی مەدەنیی کورد، دوای بانگهێشتکران بۆ نووسینگەی ئیجرای ئەحکامی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سەقز دەستبەسەر و بۆ جێبەجێکردنی سزای ٢ مانگ و نیو بەندکران ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کراوە.
ئەم چالاکە مەدەنییە لە مانگی گوڵانی ئەمساڵدا (ئاوریلی ٢٠٢٢) لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سەقزەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر جەواد موستەفایی بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگای هاوکاریکردنەوە لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پەژاک) سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە لە دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای کوردستاندا گۆڕدرا بۆ ٢ مانگ و نیو بەندکران و ٧ مانگ و نیو بەندکرانی هەڵپەسێردراو.
زەمانە زیویە ڕۆژی شەممە ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ (٢٩ی ژانڤییەی ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سەقز دەستبەسەر کرا و گوازرابوویەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە. ناوبراو دوای ٣٣ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی سەقز ئازاد کرا.
کاوە ڕەشیدزادەی هاوسەری ئەم چالاکە مەدەنییەیش لە ڕێکەوتی ١٩ی ڕێبەندانی هەمان ساڵدا (٨ی فێبرییەی ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای دوو حەفتە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی سەقز ئازاد کرا.
زەمانە زێویە پێشتر لە ڕێکەوتی ١٥ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٦ (٦ی نۆڤامبری ٢٠١٧) لە گردبوونەوەکانی پشتیوانیکردن لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستاندا، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دوای ٣ ڕۆژ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.
ناوبراو دواتر لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سەقزەوە بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی گشتی» سزای ٥٠ قامچی و یەک میلیۆن و شەشسەد هەزار تمەن غەرامەی بەسەردا سەپابوو.