به‌ پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه‌وتۆته‌ ده‌ست تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، كه‌ژه‌ڵ نه‌سری چالاكی مه‌ده‌نی خه‌ڵكی گوندی “ته‌نگیسه‌ری” سنه‌ له‌ لایه‌ن لقی یه‌كی دادگای شۆڕشی سنه‌وه‌ به‌ تۆمه‌تی “چالاكی دژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی» له‌ ڕێگای ئه‌ندامبوون له‌ حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، سزای پێنج ساڵ زیندانی هه‌ڵپه‌سێردراوی به‌ سه‌ردا سه‌پا.

ئه‌م حوكمه‌ له‌ چه‌ند حه‌فته‌ی ڕابردوودا به‌ ناوبراو ڕاگه‌یه‌ندراوه‌. 

كه‌ژه‌ڵ نه‌سری له‌ ڕێكه‌وتی ٢١ی سه‌رماوه‌ز، له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی ئیداره‌ی ئیتلاعاته‌وه‌ له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا له‌ گوندی «ته‌نگیسه‌ر”ی سنه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر و ڕه‌وانه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ئه‌م شاره‌ كرا. 

دایكی ئه‌م چالاكه‌ مه‌ده‌نییه‌ له‌ كاتی ده‌ستبه‌سه‌ر بوونی ناوبرادا بۆ ماوه‌ی دوو ڕۆژ له‌ به‌رده‌م ده‌زگای هه‌واڵنێری ئیداره‌ی ئیتلاعاتی سنه‌ مانی له‌ خواردن گرتبوو. ناوبراو له‌ ڕێكه‌وتی ٢٠ی به‌فرانباردا دوای یه‌ك مانگ ده‌ستبه‌سه‌ربوون به‌ دانانی بارمته‌ی ١٠٠میلیۆن تمه‌نی به‌ شێوه‌ی كاتی ئازاد كرا. . بە فەرمانی لێکۆڵەرە ئەمنییەکان، لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا مافی وه‌رگرتنی پارێزه‌ر و چاوپێكه‌وتن له‌ گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی لێ زه‌وتكرابوو. 

ئەم چالاکە مەدەنییە بۆ ماوەیەک بە دەستبەندێکی ئەلیکترۆنی ئازاد کرا، تا کاتێکی دیاری نەکراو مافی ڕۆیشتن بۆ گوندەکەی لێ زه‌وتكرابوو.