بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان بە ناوی جەلال ئەمینی بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا و «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» بە گشتی سزای ٣ ساڵ و ٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

دادگای ئەم هاووڵاتییە لە سەرەتای بەفرانباردا (کۆتایی دێسامبری ٢٠٢٢) بەڕێوە چوو و ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی بەفرانبار (١٧ی ژانڤییە) ئەو حوکمەی پێ ڕاگەیەنراوە. ئەگەر حوکمەکە وەک خۆی لە دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا پەسەند بکرێت، بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی (یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان) گەورەترین سزاکە، واتە ٣ ساڵ بەندکران، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

جەلال ئەمینی لە ڕێکەوتی ٢٤ی گەلاوێژی ئەمساڵدا (١٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) لە جادەی «میراوێ»ی بۆکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئەمنییەتی ورمێ. ناوبراو دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی بۆکان کرا و لە ڕێکەوتی ١٣ی خەرماناندا (٤ی سێپتامبری ٢٠٢٢) بە بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار بانگهێشت کراوە بۆ دەزگای ئیتلاعاتی سپا و ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان و بۆ چەندین کاتژمێر خراوەتە ژێر لێپرسینەوە.