بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕەحیم عەزیزی، چالاکی سیاسیی کورد، لە لایەن لقی ٤ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی کرماشانەوە بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگای لایەنگریکردن و بانگەشەکردنەوە بۆ حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورد سزای چوار مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.
لە ڕێکەوتی ١٤ی سەرماوەز (٥ی دێسامبری ٢٠٢٢) و لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شاری جوانڕۆدا، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی برا و باوکی ڕەحیم عەزیزی لە گوندی «بیاشۆش»ی ئەم شارە و ناوبراویان دەستبەسەر کرد. ئەم چالاکە سیاسییە دوای ١٠ ڕۆژ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشاندا، بە دانانی کەفالەت و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
دادگای ئەم چالاکە سیاسییە کوردە لە ڕێکەوتی ٢٧ی بەفرانباردا (١٧ی ژانڤییە) بەبێ ئامادەبوونی پارێزەرەکەی لە لقی ٤ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی کرماشاندا بەڕێوە چوو و ڕۆژی ٥ی ڕێبەندان (٢٥ی ژانڤییە) حوکمی ٤ مانگ بەندکرانەکەی پێ ڕاگەیەنرا.