بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، چوار هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی فریشتە حسەینی، حسەین ئەحمەدی، کازم مام ئیسماعیل و یوونس مەحموودزادە بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» و «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.

بەپێی حوکمەکەی دادگا، فریشتە حسەینی بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» سزای ٨ مانگ بەندکران، حسەین ئەحمەدی بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە رێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا سزای ٣ ساڵ بەندکران، کازم مام ئیسماعیل بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە رێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا سزای ساڵێک بەندکران و یوونس مەحموودزادە بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە رێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا سزای ٣ ساڵ و ٨ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.

دادگای ئەم هاووڵاتییانە لە سەرەتای بەفرانباردا (کۆتایی دێسامبری ٢٠٢٢) بەڕێوە چوو و ئەم حوکمەیان لە ڕۆژانی ڕابردوودا پێ ڕاگەیەنراوە.

ئەم چوار هاووڵاتیە لە کۆتایی گەلاوێژ و خەرمانانی ئەمساڵدا (ئاگۆست و سێپتامبری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئەمنییەتی ورمێ.

فریشتە حسەینی دوای ١٨ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

حسەین ئەحمەدی، کازم مام ئیسماعیل و یوونس مەحموودزادەیش لە ناوەڕاستی خەرماناندا (سێپتامبر) دوای دوو حەفتە دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی بۆکان ئازاد کران.