بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، موسلیم سەعیدپوور، چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی سنە، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپاوە. ئەم حوکمە کە بۆ ماوەی ساڵێک هەڵپەسێردراوە، ڕۆژی ١٠ی گوڵان (٣٠ی ئاوریل) پێی ڕاگەیەنراوە.
دەوترێت ساڵی ڕابردوو ئەم چالاکە مەدەنییە لەبەر ئامادەکاری بۆ ڕێوڕەسمی نەورۆزی ١٤٠١ لە حەسەنئاوای سنە، بانگهێشتی بەردەم دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئەم شارە کرابوو. دادگای ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ٢٧ی خاکەلێوەی ئەمساڵ (١٦ی ئاوریلی ٢٠٢٣) لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بەڕێوە چوو.
موسلیم سەعیدپوور پێشتریش ٢ جار لە ساڵانی ٩٦ و ٩٧دا (٢٠١٧ و ٢٠١٨) بە تۆمەتی بەشداریکردن لە گردبوونەوەی پشتیوانیکردن لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و بەشداریکردن لە مانگرتنی ناڕەزاییانەی دژ بە لەسێدارەدانی ڕامین حسەینپەناهی، زانیار مورادی و لوقمان مورادی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دوای چەند حەفتەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.