نایب عەسکەری، زیندانیی سیاسیی کورد کە پێشتر بە شێوەی غیابی لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پەژاک) سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو، دوای پێشکەشکردنی داوای لێکۆڵینەوەی دووبارە و بەڕێوەچوونی چەندین کۆبوونەوەی دادگا بە ئامادەبوونی خۆی، دیسانەوە لە لایەن هەمان ئەو دادگایەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپایەوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی ڕەزبەر (١٦ی ئۆکتۆبەر) نووسینگەی ئیجرای ئەحکامی زیندانی ناوەندیی ورمێ ئەم زیندانییە سیاسییەی بانگهێشت کردووە و بە شێوەی فەرمی پێی ڕاگەیاندووە کە سەرلەنوێ سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە. ئەم حوکمە لە ئەنجامی ڕەوتێکی ئاڵۆزی دادوەری و موحاکەمەیەکی نادادپەروەرانەدا دەرکراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەکەی نایب عەسکەری بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەم زیندانییە سیاسییە ٦ جار بە مەبەستی دادگاییکردن براوەتە بەردەم لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ، دوو جار بە هۆی ئامادەنەبوونی دادوەرەوە دادگاکە هەڵوەشاوەتەوە و ٤ جاریش بەڕێوە چووە».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، بەبێ ئەوەی مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەری دیاریکراوی خۆی بەم زیندانییە سیاسییە بدرێت، کۆتادانیشتنی دادگا ڕۆژی ٥ی ڕەزبەر (٢٧ی سێپتامبەر) بەڕێوە چوو و ڕۆژی ٢٤ی ڕەزبەر (١٦ی ئۆکتۆبەر) بە شێوەی نووسراو لە زینداندا حوکمەکەی پێ ڕاگەیەنرا.
ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد: «بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە کوشتن»ی فەرماندەیەکی سوپای پاسداراندا، دۆسیەیەکی دیکەیش بۆ ئەم زیندانییە سیاسییە لە لقێکی دادگای کەیفەریی ورمێدا کراوەتەوە».
موستەفا سوڵتانی لە فەرماندە کوردەکانی سوپای پاسدارانی ورمێ بوو کە ساڵی ١٣٩٣ (٢٠١٤) لە تێکهەڵچوونێکدا لەگەڵ ئەندامانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا بە سەختی بریندار بوو و لە ڕەشەمەی ١٣٩٩دا (مارسی ٢٠٢١) بە هۆی تووشبوونەوە بۆ کۆڤیدی ١٩ گیانی لە دەست دا. بنەماڵەی ئەم فەرماندەیەی سوپای پاسداران بە هاوکاریی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، داوایەکی یاساییان دژ بەم زیندانییە سیاسییە تۆمار کردووە و ڕایانگەیاندووە کە نایب عەسکەری بەشداریی لەو تێکهەڵچوونەدا کردووە کە تێیدا موستەفا سوڵتانی بریندار بووە و ناوبراو بە هۆی لێکەوتەی برینەکانی ئەو تێکهەڵچوونەوە گیانی لە دەست داوە.
نایب عەسکەری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ورمێ، لە ڕێکەوتی ٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٠دا (٢٤ی مارسی ٢٠٢١) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ورمێوە دەستبەسەر کرا و دوای ٣ مانگ مانەوە لە دەستبەسەرگەی ئەم دامەزراوە ئەمنییەدا و کەوتنەژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونییەوە، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا.
ناوبراو کە لە چەند ساڵ پێش دەستبەسەرکردنەوە نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بوو، دوای هەماهەنگیکردنی ئەندامێکی سوپای پاسداراندا بە ناوی حسەین خۆشمەرام لەگەڵ دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداراندا، بە وەرگرتنی «ئەماننامە» گەڕایەوە بۆ ئێران.
دوای ئەوەی کە دەستبەسەر کرا، دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران پێی ڕاگەیاند کە ساڵی ١٣٩٧ (٢٠١٨) لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە شێوەی غیابی و بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پەژاک) سزای لەسێدارەدانی بۆ دەر چووە. دوای تانەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە حوکمی لەسێدارەدانی غیابی، حوکمەکە هەڵوەشایەوە و دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ.
نایب عەسکەری لە گەلاوێژی ١٤٠٠دا (ئاگۆستی ٢٠٢١) دوابەدوای تێکهەڵچوونێک لە نێوان چەند زیندانییەکی سیاسی و زیندانییانی تاوانە ئاساییەکاندا، لەسەر سکاڵای سەرۆکی زیندانی ورمێ و لەگەڵ دوو زیندانیی سیاسیی کوردی تردا بە ناوەکانی کەیهان موکەڕەم و نایب حاجیزادە، بە تۆمەتی «تێکدانی دۆخی زیندان» هەرکامە حوکمی ٥٠ قامچی و ٣ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپا. ئەم دۆسیەسازییە دوابەدوای پەلاماردان و لێدانی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە لایەن زیندانییانی تاوانە ئاساییەکانەوە ڕووی دابوو.
ئەم زیندانییە سیاسییە هەروەها لە ڕێکەوتی ٤ی گەلاوێژی ١٤٠٠دا (٢٦ی جولایی ٢٠٢١) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست دەرنەکردنی مۆڵەتی یاسایی بە مەبەستی هەناردنی بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان و ئەنجامدانی تاقیکاریی پێویست، بۆ ماوەی ٣٢ ڕۆژ مانی لە خواردن گرت.